دانا لێنج ئابادی بانگهێشتی دادگا کرا

    دانا لێنج ئابادی چالاکی مەدەنی خەڵکی مەریوان، ئەمڕۆ دوای چوون بۆ دادگای ئەم شاره به کەفالەت ئازاد کرا.

    بە پێی راپۆرتی هەواڵدەریی موکریان، لقی یەکەمی دادیاری دادگای گشتی و ئینقلابی مەریوان، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ١٥ی بەفرانباری ١٣٩٥هەتاوی، خوازنامەیەکی بۆ دانا لێنج ئابادی سەبارەت بە روونکردنەوەگەلێک هەناردە کرد و ناوبراو ئەمڕۆ شەممە ١٨ی بەفرانبار سەردانی ئەم لقەی کرد.

    لێنج ئابادی لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵنێری موکریان، ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارەی وەک شاکی خۆی ناو برد و وتی: بە پێی خوازنامەیەک کە لە لایەن لقی یەکی دادیاری دادگای مەریوان بۆم هەناردە کراوە ئەمڕۆ چوومە دادگا و دادوەری لقەکە بە تۆمەتی بانگەشە دژی کۆماری ئیسلامی هەوڵی دەستبەسەرکردنی منی دا.

    ناوبراو زیادیشی کرد: ئیدارەی ئیتلاعات لە من شکایەتی کردووە و سەردێڕی تۆمەتەکە بانگەشە دژی رژیم بووە که راستێنەکانی پشتیوانی لە کۆڵبەران و کۆبوونەوە بۆ تانکێڕەکانی سووتەمەنی لە رێی فەزای مەجازییەوە بوو.

    لە کۆتاییدا دادوەری باسکراو دوای وەرگرتنی روونکردنەوەکانی ئەم چالاکە مەدەنییە، بە کەفالەت (فیشی مووچەی کارمەندی) ئیزنی چوونە دەرەوە لە دادگای پێ دەدا.

    دانا لێنج ئابادی خەرمانانی ساڵی ١٣٩٤هەتاوی دوای ٢٠ مانگ خۆڕاگری لە بەندا، لە زیندانی ناوەندی مەریوان ئازاد کرا.