نوێنەری شارەکانی سەقز و بانە:بەڵێنییەکانی حکومەتی ڕۆحانی جێبەجێ نەکراون

نوێنەری شارەکانی سەقز و بانە:بەڵێنییەکانی حکومەتی ڕۆحانی جێبەجێ نەکراون

موحسین بیگلەری، نوێنەری شارەکانی سەقز و بانە لە مەجلیسی شوورای ئیسلامی ئێران ڕایگەیاند؛ وادەوبەڵێنەکانی حکومەتی یازدەهەم سەبارەت بە پارێزگای سنە تاکوو ئێستا جێبەجێی نەکراون و داواکارین کە حکومەتی حەسەن رۆحانی لە دەرفەتێک کە ماوە بۆ جێبەجێ کردنی بەڵێنەکانی هەوڵی زیاتر بدات.

بە پێی ڕاپۆرتی موکریان، موحسین بیگلەری لە دانیشتنی هاوبەش لە نێوان کەسایەتییە سوننە مەزەهەبەکان لەگەڵ حەسەن روحانی گوتی: بێگومان بەشێکی زۆر لە دەنگەکانی سەرۆک ‌کۆمار هی ناوچەکانی کوردستان و خەڵکی سوننی مەزهەبی ئەو ناوچە بوو. ئەویش دەگەڕێتەوە بۆ بەیاننامە دە خاڵییەکەی سەرۆک‌کۆمار کە لە سەردەمی بانگەشەی هەڵبژاردندا ڕایگەیاندبوو، لە حکومەتی ئەودا گرینگی و بایەخی زیاتر بە پرسی نەتەوەیی و کەمینە ئاینییەکان دەدرێ و ڕوانگەی ئەمنیەتی لە سەر کوردستان لادەچێت، بەلام تا ئێستا لەم بارەوە هیچ هەوڵی جیددی نەدراوە… .

نوێنەری شارەکانی سەقزو بانە لە دریژەی قسەکانی‌دا ڕایگەیاند: کێشە وگرفتەکانی کوردستان و کەڵک وەرنەگرتن لە بژاردە کوردەکان لە کابینەی حکومەت لە کاتێک‌دایە کە ئێمە چاوەڕوانی ئەوەمان دەکرد هەر لەیەکەم ساڵی هاتنە سەرکاری حکومەتی یازدەهەمدا بە کردەوە ئەو وادە وبەڵێنانە بچێتە بواری جێبەجێی کردنەوە.

ناوبراو هەورەها وتی: لە ئاستی دابینکردنی مووچە بۆ گەشەی پارێزگەی سنە، گرینگی بەم پارێزگایە نەدراوەو هەلومەرجی ئەو پارێزگایە لە باری رێگەوبانەوە وەکوو ساڵانی پێشوو ماوەتەوە و رێژەی قوربانیانی رووداوی هاتوچۆ لە پارێزگای سنە لە زیادبوون دایە. هەروەها لە بەشی هێڵی ئاسنین، پارێزگای سنە هیچی وەبەرنەکەوتووەو، فرۆکەخانەی سەقزیش پێویستی بە گرینگی دان و تەرخان کردنی بودجەی تایبەتە.

بیگلەری نوینەری شارەکانی سەقز و بانە لە درێژەی قسەکانی‌دا کێشەو گرفتی بوارەکانی دیکەی لە شارەکانی پارێزگای سنە بەتایبەتی لە بواری زانکۆکان، رێگەوبان، نەخۆشخانەکان و هەروەها هەبوونی هەڵاواردن بە بەراورد لەگەڵ پارێزگاکانی دیکەی ئێران بە وردی خستە بەرباس.